لیژنەی نەزاهە: کەیسەکانی گەندەڵی لە عێراق کراونەتەوە
دەنگی عێراقییەکان دژی گەندەڵکاران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێت، ئەوان دەڵێن گەندەڵی هەموو جەستەی عێراقی داگرتووە، عادل عەبدولمەهدیش لە کۆبوونەوەی دوایینی خۆیدا ڕایگەیاند، گەندەڵی بە چەند مانگێک پەیدا نەبووە، هی ساڵانی ڕابردووە و کەڵەکە بووە.
ماوەیەکە لە عێراق خۆپێشاندان دەکرێت و داوای سەرەکیی خۆپێشاندەران بردنی گەندەڵکارانە بۆ دادگا، بۆیەشە حکوومەت هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لە کەیسی گەندەڵییەوە گلاون.
هندرین لەزگین گوتی: ''پرۆژەی هەمواری یاسای دەستەی نەزاهە ئامادەیە و دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی دەستەی نەزاهە کاراتر بێت و ئەگەر دەنگی لەسەر درا، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی گەندەڵی کەم ببێتەوە و گەندەڵکاران سزا بدرێن."
دەشڵێت: "ئێستا چەندین کەیسی گەندەڵی لە دەستەی نەزاهەن، هەموویان هی ئەم حکوومەتە نین، هی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ترن و ئەوەی لە حکوومەتی عادل عەبدولمەهدیدا کراوە، زیاتر لە هەمووان دژایەتیی گەندەڵی بووە."