تەقینەوەیەکی دیکە لەناو خۆپیشاندەرانی عێراقی رووی دا
تەقینەوەکە ئەمڕۆ شەممە 16-11-2019 لەناو خێوەەتێکی خۆپیشاندەرانی ناسریە لە باشووری عێراق رووی داوە و بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر، کە یەکێکیان لە مەترسی دایە.
شەوی هەینی 15-11-2019، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا تەقییەوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، سێ کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانیان لەدەست داوە و 16ـی دیکەش بریندار بوون.
هەر ئەمڕۆ شەممە 16-11-2019 لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، تەقینەوەکەی ناو خۆپیشاندرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بە ”پێشهاتێکی ترسناک“ ناو برد.
لێژنەکە پێی وایە بە روودانی ئەو تەقینەوەیە، سەلمێنرا کە لایەنی سێیەم (خۆپیشاندەران لایەنێک و حکوومەت لایەنێکی دیکە) خۆی خزاندووەتە ناو خۆپیشاندانەکان و هەوڵی تێکدانی زیاتری بارودۆخەکە دەدات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کردووە.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 300 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 15 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز