لە به‌غدا داوای ده‌ستپێشخه‌ری له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سەركردنی دۆخی عێراق

لە به‌غدا داوای ده‌ستپێشخه‌ری له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سەركردنی دۆخی عێراق
سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا گوتی، سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی پشتگیریكردن له‌ حكوومه‌تی عێراق و ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ عێراق و ده‌ربرینی نیگه‌رانی له‌و دۆخه‌ بوو، کە ئێستا هه‌یه‌ و ئه‌وانیش داوایان له ‌سه‌رۆكی هه‌رێم كرد، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بكات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه ‌چاره‌سه‌ر بكرێت.

فارس عیسا گوتی: "سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆخه‌ی ئێستادا زۆر گرنگ ‌بوو، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانه‌ له‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ی عێراق و بۆ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌كانی دیار كرد كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دایه‌ و ده‌یه‌وێت عێراق سه‌قامگیر و ئارام بێت، بۆیه‌ پشتگیریی خۆی بۆ حكوومه‌تی عێراق دووپات كرده‌وه‌."

عیسا باسی له‌وه‌ش كرد: "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوای كرد حكوومه‌تی ئێستا به‌رده‌وام بێت و چاكسازی بکات و پێویسته‌ چاكسازی بكرێت."

سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ‌به‌غدا گوتیشی: "هه‌م حكوومه‌ت و هه‌میش لایه‌نه‌كان داوایان له ‌سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئێستا بكات، سه‌رۆكی هه‌رێمیش ئاماده‌ییی نیشان داوه‌، کە بۆ سه‌قامگیریی عێراق و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌، پشتگیری له‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌كه‌ن."
Top