نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق:كوشتن و هه‌ڕه‌شه‌ و لێدان و رفاندنی خۆپیشانده‌رانی عێراق به‌رده‌وامه

نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق:كوشتن و هه‌ڕه‌شه‌ و لێدان و رفاندنی خۆپیشانده‌رانی عێراق به‌رده‌وامه
جینین هینیس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ته‌ئكیدی كرده‌وه‌، كوشتن و هه‌ڕه‌شه‌ و لێدان و رفاندنی خۆپیشانده‌رانی عێراق به‌رده‌وامه‌.

پلاسخارت له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وتارێكی پێشكه‌شكردووه‌ و گوتوویه‌تی: "له‌ كاتێكدا یادی ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ شه‌ش هه‌فته‌ی رابردوو كوژران، به‌ڵام هێشتا داواكارییه‌كانیان وه‌ك خۆیه‌تی، سه‌دان هه‌زار عێراقی دیكه‌ وه‌ك ئه‌وان هه‌مان داواكارییان هه‌یه‌، داواكارییه‌كانیش راسته‌قینه‌ و ره‌وا و روونن".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پێموایه‌ هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان داوای ئایینده‌یه‌كی روونتر ده‌كه‌ن، داوا ده‌كه‌ن سه‌رجه‌م تواناكانی وڵاته‌كه‌ بخرێته‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی عێراقه‌وه‌".

ئه‌و نێرده‌ تایبه‌ته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا چاوی به‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانیش كه‌وتبوو له‌ نه‌جه‌ف گوتوویه‌تی: "دوو راپۆرتمان له‌باره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و رۆژانه‌ش راپۆرتمان پێده‌گات له‌باره‌ی پرسه‌كانی مافی مرۆڤ، راپۆرته‌كان باسی بوونی حاڵه‌تی نوێی كوشتن و رفاندن و ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كی و و لێدان و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن".

پلاسخارت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، توندوتیژی ته‌نها توندوتیژی لێ به‌رهه‌م دێت، پێویسته‌ هه‌ر ئێستا كۆتایی پێبهێنرێت.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق و په‌رله‌مانتاران و دادگاكان و خۆپیشانده‌ره‌ ئاشتیخوازه‌كان و نوێنه‌ری سه‌ندیكاكان له‌ په‌یوه‌ندیدان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ ئاراسته‌ی ئه‌و پێشنیازانه‌ بنرێت كه‌ بۆ چاكسازیی خراونه‌ته‌ روو، متمانه‌ درووست بكرێته‌وه‌ به‌ره‌و چاكسازیی، له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی ته‌واوی سه‌روه‌ری عێراق".

پلاسخارت ده‌ڵێت: "هه‌موومان ده‌زانین ئه‌وه‌ی زیاتر زیان به‌ جه‌ماوه‌ر ده‌گه‌یێنێ، زۆری به‌ڵێندان و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ له‌ جێبه‌جێكردنیان، زۆر زیانبه‌خشه‌ كاتێك كه‌سێك شتێك ده‌ڵێت و شتێكی دیكه‌ جێبه‌جێ ده‌كات، جگه له‌وه‌ش له‌ ژینگه‌ی رق و تووڕه‌یی ترسناكتر و وێرانكه‌رتر نییه‌".




K24
Top