خۆپیشاندەران بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق رەتدەکەنەوە
باوەڕیان بە جینین بلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق نەماوە
بەشێک لە نوێنەری خۆپیشاندەران بە ماڵپەڕی رافیدەینیان راگەیاندوە، باوەڕیان بە جینین بلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق نەماوە دوای ئەوە رەخنەی لە خۆپیشاندەران گرتوە، دەشڵێن، هەمو وڵاتانی هەرێمی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵی مانەوەی حکومەتی ئێستادان بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی.
هێزەکانی حکومەت و گروپە چەکدارییەکان بە گازی فرمێسک رێژ، گولەی پلاستیکی و بەوپەڕی توندوتیژییەوە روبەرومان بونەتەوە
ئاماژەیان بەوەشکردوە، جەخت لە بە ئارامی هێشتنەوە خۆپیشاندانەکان دەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی حکومەت و گروپە چەکدارییەکان بە گازی فرمێسک رێژ، گولەی پلاستیکی و بەوپەڕی توندوتیژییەوە روبەرویان بونەتەوە.
11ی ئەم مانگە نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عیراق بەرنامەیەکی چاکسازی بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران بڵاوکردەوە
11ی ئەم مانگە نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە عیراق بەرنامەیەکی چاکسازی بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران بڵاوکردەوە، بەگوێرەی بەرنامەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا هەمو زینداییانی خۆپیشاندانەکان ئازاد دەکرێن و لە ماوەی دو هەفتەدا چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردن و هێزە ئەمنیەکاندا دەکرێت، لە ماوەی سێ مانگیشدا پێداچونەوە بە دەستوردا دەکرێت و ژمارەیەکی پرۆژەیاسای گرنگ پەسەند دەکرێن کە پەیوەندی بە داواکاری خۆپیشاندەرانەوە هەیە.
ماوەی شەش هەفتەیە خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی عێراقدا بەڕێوەدەچێت، تا ئێستا بەڵێنەکانی حکومەت خۆپیشاندەرانیان رازینەکردوە و بەردەوامن لە خۆپیشاندان، بەپێی دواین زانیارییەکانیش زیاتر لە 319 کەس کوژران و نزیکەی 15 هەزار کەسیش برینداربون.
خەندان