پۆمپەیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولمەهدی ئەنجامدا

پۆمپەیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولمەهدی ئەنجامدا
ئەمریکا پرۆتێستۆی کوشتنی خۆپیشاندەران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە عادل عەبدولمەهدی دەکات حکومەت بەزووترین کات داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێبکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، گوتویەتی داواکاری خۆپیشاندەران رەوان و داوایلێکردووە بەپەلە لەڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵیەوە داواکارییەکانیان جێبەجێبکات.

پۆمپیۆ رایگەیاندووە، خۆپیشاندان میکانیزمێکی بنەڕەتی هەموو دیموکراسییەکانە، هەروەها پرۆتێستۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەرانی کردووە، لەگەڵ بەکارهێنانی تووندوتیژی لە دژیان، جگە لەو راپۆرتانەی باس لە رفاندنیان دەکەن.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پابەندیی واشنتنی دووپاتکردووەتەوە بۆ پشتگیری بەردەوامی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان واشنتن و بەغدا، هەروەها پشتگیری بۆ هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژی داعش دووپاتکردەوە.

هاوکات بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی خواستی رژدی عێراقی دووپاتکردووەتەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێ و دۆستەکانی و رێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، حکومەت بەردەوامدەبێت لەسەر مامەڵەکردنی ئەرێنیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران و سەلامەتی و پاراستنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و هەوڵی جدی دەدات بۆئەوەی بەپێی دەستوور و یاسا داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێبکات.

هەر بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عادل عەبدولمەهدی و حکومەتەکەی دووپاتکردەوە و دەیەوێت هاوکاری نێوان هەردوو وڵات بەهێزبکەن لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی، هاوکاریکردنی عێراق بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی عێراق.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دووپاتیکردەوە، خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافە لە سیستەمی دیموکراسی عێراق و پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دەکەن.
Top