سەدر: رێگەنادەین ئەمریکا سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک بێت

سەدر: رێگەنادەین ئەمریکا سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک بێت
حکومەتی عێراق جارێک بە زەبر و زەنگ، جارێک بە بەڵێندان هەوڵی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان دەدات، بەڵام خۆپیشاندەران جەختدەکەنەوە لە داواکارییەکانیان. رابەری رەوتی سەدریش رایدەگەیێنێت، رێگەنادەن ئەمریکا سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکی بێت و عێراقیش وەک سووریا بکاتە گۆڕەپانی ململانێیەکی دیکە.

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر راگەیاند، "جارێکی دیکە سەلمێنرا کە ئەمریکای داگیرکار دەستوەردانی خراپ لە کاروباری عێراقییەکان دەکات، عێراق عێراقی گەلە و گەل بڕیار لە چارەنووس و تایبەتمەندییەکان دەدات، ئەگەر سەیربکەین دەبینن داگیرکار گەندەڵکارانی هێنایە دەسەڵات".

رابەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەکردووە، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختیان کردووە، بەڵام بێدەنگ نابن ئەگەر بە سەرپەرشتی ئەمریکا بێت، رێگەش بە ئەمریکا نادەن سواری شەپۆلەکە بێت و عێراق بکاتە سووریا و گۆڕەپانی ململانێیەکی دیکە.

موقتەدا سەدر دەشڵێت، ئەگەر جارێکی دیکە ئەمریکا دەستوەردانی کرد ئەوا کۆتایی بوونەکەیەتی، لە رێگەی خۆپیشاندانی توڕەیی ملیۆنی کە راستەوخۆ خۆی فەرمانیان پێدەکات.

لە خۆپیشاندانەکان عێراق کە سەرەتای مانگی رابردوو دەستیانپێکرد، دواتر بۆ ماوەیەکی کاتی وەستێندرا و لە 25ـی مانگ دەستیپێکردەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامن، عەلی ئەکرەم بەیاتی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماری نوێی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکانی راگەیاند و بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی "ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری رابردووەوە گەیشتووەتە 301 کوژراو و زیاتر لە 15 هەزار بریندار. ئەم ئامارە ئەو دوو کوژراوەشی تێدایە کە هەینی رابردوو لە خۆپیشاندانەکانی بەسرە کوژران".
Top