سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەوە و جەخت لە چوار خاڵ دەکەنەوە
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لەو کۆبونەوەیەدا چەندین بابەتی جیاجیای پێشهاتی سیاسی و ئەمنی و خۆپیشاندانەکان تاوتوێکراون. سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لە چوار خاڵ کردەوە، کە ئەمانەن.
- دەسەڵاتی جێبەجێکار و دادوەری بە جیدی دەستی بە کاری یاسایی کردووە بۆ کردنەوەی مەلەفی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە گەندەڵی و راپێچکردنی تۆمەتباران بۆ لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە.
- دەستکراوە بە کاری جیدی لە پێناو دەرکردنی یاسایەکی نوێ بۆ یاسای هەڵبژاردنەکان بۆئەوەی ئەم یاسایە زامنی بەدیهێنانی دادپەروەری بکات لەکاتی کێبەرکێی هەڵبژاردنەکان و یارمەتیدەر بێت بۆئەوەی خاوەن تواناکان پاڵێوراو بن بە گوێرەی تێڕوانین و ویستی دەنگدەران .
- خۆپیشاندانەکان یارمەتیدەردەبن لە گوشاری رەوا کە دروستبێت لەسەر هێز و لایەنە سیاسییەکان و حکومەت و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لەپێناو قبوڵکردنی رێڕەوی چاکسازییەکان.
- دەستکراوە بە دەستپێشخەری بۆ دیالۆگی نیشتیمانی لەپێناو پێداچوونەوە بە سیستەمی حوکمڕانی و دەستوور بەگوێرەی تێکستە دەستووری و یاساییەکان.
خۆپیشاندانەکانی عێراق تادێت کوژراو و برینداری زیاتری لێدەکەوێتەوە. نە خەڵک شەقامەکان چۆڵدەکەن و نە دەسەڵاتدارانی عێراق تەسلیمی خواستەکانیان دەبن. هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هەوڵی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان دەدن و تاوەکو ئێستاش دەیان کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتووەتەوە.
عەلی ئەکرەم بەیاتی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماری نوێی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکانی راگەیاند و بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی "ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری رابردووەوە گەیشتووەتە 301 کوژراو و زیاتر لە 15 هەزار بریندار. ئەم ئامارە ئەو دوو کوژراوەشی تێدایە کە هەینی رابردوو لە خۆپیشاندانەکانی بەسرە کوژران".