دووبارە ئینتەرنێتی بەغدا و شارەكانی تری عێراق بڕایەوە
لە چەند ڕۆژی رابردوودا ئینتەرنێتی بەغدا و شارەكانی تر بڕابوو، ئەمەش بووبووە هۆی بڕینی بەشێك لە پەیوەندییەكانی خۆپێشاندەران، بە هەمان شێوەش بووبووە هۆی داپۆشینی هەواڵی خۆپێشاندەران و ونبوونیان بە شێوەیەكی ڕێژەیی لەبەر چاوی جیهان
بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە بۆ چەند كاتژمێرێك ئینتەرنێتی بەغدا و شارەكانی تری خۆپێشاندانیان لێ دەكرێ، گەڕابووەوە، بەڵام بەم ئێوارەیە جارێكی تر ئینتەرنێتیان بڕیەوە.
چاودێرانی سیاسیی عێراق پێیانوایە دەسەڵاتداران بۆیە ئینتەرنێت دەبڕن تا بەر بە شەپۆڵی خۆپێشاندەران بگرن، لەلایەكی تریشەوە هەندێك پێیانوایە كە بڕینی ئینتەرنێت بۆ ئەوەیە هێزە ئەمنیەكان بە ئارەزووی خۆیان بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران ببنەوە.
پێشتریش عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتبووی ئەوان ناچارن بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان و بەرگرتن لە هاندانی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی، هێڵی ئینتەرنێت ببڕن.
لەوەتەی ئۆكتۆبەری رابردووەوە بەهۆی خۆپێشاندانە بەرفرەوانەكانی بەغدا و چەند شارێكی تری عێراق، زیاتر لە 300 هاووڵاتی خۆپێشاندەر كوژران و بە هەزارانیش بریندار بوون.
باسنيوز