هیومان رایتس وۆچ: 16 خۆپیشاندەر بە گازی فرمێسکڕێژ کوژراون
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکانی وڵات بوتڵی پڕ لە گازی فرمێسکڕێژ ئاراستەی خۆپیشاندەران دەکەن و تاوەکو ئێستاش بەوهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 16 کەس گیانیان لەدەستداوە.
سارا ویتسن، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، کوژرانی ژمارەیەکی زۆر کەس لە ئەنجامی ئەوەی بوتڵی پڕ لە گازی فرمێسکڕێژ لە سەری داون ئەوە دەردەخات، ئەوەی پەیڕەو دەکرێت شێوازێکی قێزەونە و دەبێت هاوبەشەکانی عێراق لەسەرانسەری جیهاندا سەرکۆنەی بکەن.
هیومان رایتس وۆچ رەخنە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەگرێت لەو بوارەش کە گولـلە بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت و ئاماژەی بەوەکردووە، لە رۆژانی چوار تاوەکو 6ی ئەم مانگە بەلایەنی کەمەوە 14 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
یەکێکی دیکە لەو مامەڵەیەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لێی نیگەرانە بریتییە لە رفاندنی خەڵکی، یونامی دەڵێت، لە خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوودا 6 خۆپیشاندەر و کەسی خۆبەخش کە یارمەتی خۆپیشاندەرانیان داوە لە بەغدا رفێندراون.
هیومان رایتس وۆچ رەخنە لە مامەڵەی حکومەتیش دەگرێت لە بواری ئینتەرنێتدا و دەڵێت، لە 25ـی مانگی رابردوەوە خەڵکی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ناتوانن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەنەوە و هەروەها هێڵی ئینتەرنێتیش زۆر خاو بوەتەوە.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت، پێویستە بەرپرسانی عێراق رێز لە مافی ئازادی رادەربڕین و کۆبوونەوەی جەماوەری بگرن و رێگە بە عێراقییەکان بدەن ئاشتییانە خۆپیشاندان بکەن. دەبێت بەرپرسانی عێراق رێگە بە رۆژنامەڤانانیش بدەن رووماڵ بکەن.
دواتر، پێویستە حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لە مەرگی هەموو تاکێکی خۆپیشاندەر بکات و ئەگەریش پێویستبوو شارەزایانی نێودەوڵەتی دەتوانن یارمەتیدەر بن. پاشان، دەبێت وڵاتانی وەک ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ئێران کە یارمەتی عێراق دەدەن کۆتایی بە یارمەتییەکانیان بۆ ئەو یەکە سەربازییانە بهێنن کە پێشێلکاری جیدیان ئەنجامداوە، ئەگەر بێتو حکومەت بەرپرسانی ئەو یەکانە سزا نەدات.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەس کوژراون و زیاتر لە 15 هەزار برینداریش هەن.