لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر مانەوەی عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی رێککەوتن
عەممار شبلی، سەرکردە و پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا راگەیاند: رێککەوتنەکە دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بووە کە شەوی هەینی رابردوو و بە بەشداری هەموو فراکسیۆنە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بەڕێوەچوو.
شبلی گوتی، هەموو بەشداربووان رێککەوتن کە دوا هەل بدەنە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، نەهێشتنی گەندەڵی، جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران و هەموارکردنەوەی دەستوور.
سەرکردەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوەشدەکات، تەنیا حکومەت لەم بارودۆخە بەرپرس نییە وڵاتی گرتووەتەوە، بەڵکو هێزە سیاسییەکانیش لە پرۆسەی سیاسییدا بەشدارن و بەرپرسیارێتیان لەئەستۆدایە.
لە سەرەتای مانگی رابردوودا خۆپیشاندان لە بەغدا و هەندێک لە پارێزگای دیکەی وڵات دەستیپێکرد و زووش تووندوتیژی دروستبوو. تاوەکو ئێستا بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە نزیکەی 300 کەس کوژراون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.