عادل عەبدولمەهدی ژمارەیەک چاکسازی رادەگەیەنێت
ئەمڕۆ شەممە 9-11-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تێیدا چەند خاڵێکی لەبارەی بارودۆخی وڵاتەکەی دوای خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە، خستووەتە روو.
لە بەیاننامەکەدا، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە، هەڵەیەکی گەورە لەسیستەمی بەڕێوەبردنی عێراقدا هەیە و دەبێ راست بکرێتەوە.
لە رۆژی 2-10-2019ـەوە، هاووڵاتییانی عێراق لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بە خۆپیشاندان دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری کردووە.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 500 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 12 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
خاڵەکانی عەبدولمەهدی:
- خۆپیشاندانەکان گرنگترین رووداون لە مێژووی عێراق لە دوای 2003.
- خۆپیشاندانەکان دەسەڵاتەکان و حزبە سیاسییەکانی عێراقیان ناچار کرد گۆڕانکاری قبوڵ بکەن و هەڵەکان راست بکەنەوە.
- حکوومەت و دەزگای دادوەری بەردەوامی بە لێکۆڵینەوە دادییەکان لە کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، دەدەن و سزای یاسایی بەسەر تاوانباران دەسەپێنن.
- گۆڕانکاریی لە پەیکەری کابینەی حکوومەت دەکرێت و بەشێک لە وەزیرەکان دەگۆڕدرێن.
- حزبە سیاسییەکان کاری هەڵەی زۆریان کرد و لە دوای 2003ـەوە دەستیان بەسەر حوکمڕانیدا گرت و رێگایان لە چاکسازی گرت.
- هۆکاری راگرتنی ئینتەرنێت بەکارهێنانی بوو بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و هەڵگەڕانەوە لە دەوڵەت و راگرتنی ژیانی ئاسایی.
- کۆمەڵێک چاکسازی دیکە دەکرێن، کە خۆیان لەم پرسانە دەبیننەوە؛
1/ کەمکردنەوەی مووچەی بەرپرسە باڵاکان بۆ نیوە
2/ چاوخشاندنەوەی بە مووچەی فەرمانبەران
3/ جێبەجێکردنی سیستەمی قەرەبووی کۆمەڵایەتی
4/ جێبەجێکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی
5/ مافەکانی کرێکارانی کەرتی تایبەت و خانەنشینکردنیان
6/ قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک
7/ بەردەوامی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
8/ بە دادگا گەیاندنی گەندەڵکاران
باسنيوز