عەبدولمەهدی: هەمواری دەستوور دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕینی تەواوی سیستەمی وڵات

عەبدولمەهدی: هەمواری دەستوور دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕینی تەواوی سیستەمی وڵات
سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایدەگەیێنێت، هەموارکردنەوەی دەستوور دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق و ناکرێت حکومەتەکەی دەستلەکاربكێشێتەوە بێ ئەوەی جێگرەوەیەکی هەبێت.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کە پارێزگارەکانی عێراقیش ئامادەی بوون رایگەیاند، خۆپیشاندانەکان بە ئاراستەی دروستی خۆیاندا دەڕۆن و داواکاری بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت داواکاریەکی رەوایە، بەڵام حکومەت پێویستە لە کارەکانی بەردەوامبێت تاوەکو بۆشایی حکومڕانی دروستنەبێت، بە تایبەت کە ئەوان ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژیاسای بوودجەی 2020ـن.

عەبدولمەهدی دەڵێت، داواکاری رەوا هەیە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت، ئێمە بەردەوام گوتمانە هیچ لاریەکمان نییە، ئاسانترین کار لای ئێمە دەستلەکارکێشانەوەیە، پرسیاریش دەکات و دەڵێت، "ئەگەر حکومەت دەستی لەکارکێشایەوە بەبێ بوونی جێگرەوەیەکی رەوان وخێرا چی دەبێت؟"

لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە داوای بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و خۆپیشاندەرانیشە، عەبدولمەهدی رایگەیاند، لە عێراق شتێک نییە بەناوی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەڵبژاردن کاتێک دەکرێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

لەپاش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراق کە بوویە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس، پەرلەمانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ هەمواری دەستوور کە لەساڵی 2005ـەوە کاری پێدەکرێت. لیژنەکە ئەمڕۆ لەپایتەختی عێراق کۆبوویەوە و حەوت بڕیاری دەرکرد کە زیاتر بە ئاراستەی بەشداریپێکردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقین لەوانە شارەزایان و کۆمەڵگای مەدەنی.

هەندێک لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق باس لەوە دەکەن دەبێت سیستەمی حکومڕانی عێراق لە پەرلەمانیەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەت و دەسەڵاتی هەرێمەکانیش کەمبکرێتەوە.

بەپێی دەستووری ئێستا عێراق کە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش لە پاش رووخانی رژێمی بەعس دەنگیان بۆ داوە، هەرێمی کوردستان دانپێدانراوە و مافی هەیە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەچێکردن و دادوەری تایبەت بۆ خۆی هەبێت و خاوەنی هێزی سەربازی بێت کە بە پاسەوانی سنوور ناوی هاتووە.

هاوکات لەبارەی دەستوور و هەموارکردنەوە، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند هەر جۆرە دەستکاریکردنێکی دەستوور نابێت پایماڵی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان بکات و وەها پایماڵکردنێک نابێتە هۆی هێنانەئارای سەقامگیری بۆ عێراق.
Top