لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق حەوت بڕیاری دەرکرد
کۆبوونەوەی لیژنەکە بەسەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان و حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو. بەپێی راگەیێندراوێکی کۆبوونەوەکە لیژنەکە ئەم بڕیارانەی داوە:
یەکەم: بەشداریپێکردنی لیژنەی دانایان کە مەرجەعییەت داوای پێکهێنانی کردووە لە گفتوگۆکانی لیژنەکە بۆ پێشکەشکردنی بیرۆکە و پێشنیازەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوور.
دووەم: بەشدارییکردنی مامۆستایانی یاسای دەستووری لە زانکۆکانی عێراق لە ئامادەکردن و داڕشتنەوەی پێویست بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور.
سیێەم: داوا لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا و یەکێتییە پسپۆڕەکان دەکەن بۆچوون و پێشنیازەکانیان پێشکەش بکەن لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوور.
چوارەم: کردنەوەی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی بۆ پێشوازییکردن لە رای چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقی لەوانەش نوێنەرانی خۆیشاندانەکان لەبارەی بۆچوونەکانیان لەسەر هەمواکردنەوەی دەستوور.
پێنجەم: سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق.
شەشەم: داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی و جێبەجێکردن دەکەن نوێنەری خۆیان بێنرێن بۆ گوێگرتن لە تێڕوانین و بۆچوونەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوور.
حەوتەم: دەستوور هەمواردەکەنەوە بەپێی ماوەی دەستووریی دیاریکراو.
لیژنەکە بڕیاریداوە لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامدەبێت بۆ ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی پێویستی دەستوور لە خێراترین ماوەدا کە گونجاوبێت لەگەڵ پێویستی سەرەکی بونیادنانی دەوڵەت لە چوارچێوەی دەستووردا.