عادل عەبدولمەهدی داوای کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان دەکات

عادل عەبدولمەهدی داوای کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان دەکات
سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای تێپەڕبوون مانگێک بەسەر خۆیشاندەکاندا پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی عێراق کرد و داوایکرد، کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان بهێندرێت.

عادل عەبدولمەهدی سەرەڕای جەختکردنەوە لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە، ئاماژەی بە کاریگەریییەکانی ئەو ناڕەزایەتییانە کردووە بۆسەر دۆخی عێراق و دەڵێت، "ئەوەی گرنگە ئەوەیە تێکدەران لە بزووتنەوە ئاشتیخوازەکەتان دووربخرێنەوە، بەهۆی ئەم دۆخەوە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا دواخراوە، پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2020 دواخراوە، زۆربەی وڵاتان و خاوەن پرۆژەکانی پەرەپێدانی نیشتمانی و دەرەکی لە دۆخی عێراق نیگەرانن، خۆپیشاندانەکان زیانیان بۆ بەرژوەندی ناوخۆی عێراق هەبووە، کاریگەرییان بۆسەر بەرژەوەندی نەوتی هەبووە و بوونەتەهۆی بڕینی هەندێک رێگەی بەندەری عێراق کە بە ملیارەها دۆلار زیانی لە عێراق داوە و گەیشتنی کاڵاکانی دواخستووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبووە کە هاووڵاتیان و بەتایبەتی خەڵکی هەژار باجەکەی دەدات، هەلیکاری زۆری لەدەستداوە و گەشەی ئابووری پەکخستووە، نەخۆشەکان دووچاری مەترسی بوونەتەوە بەهۆی داخستنی نۆرینگە پزیشکییەکان و ئاستەنگ دروستکردن بۆ جوڵەی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، خۆپیشاندانەکان زیانیان لە خوێندنی قوتابیان داوە کە پێویستە پرۆگرامی خوێندن تەواوبکەن و ئامادەکاری بکەن بۆ تاقییکردنەوەی وەزاری؛ راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان دواکەوتووە بەهۆی پەکخستنی کاری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، رزق و رۆزی خەڵک بڕاوە بەتایبەتی خاوەن شوێن و فرۆشگە و ئەوانەی بە کرێی رۆژانە کاردەکەن.

عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاندووە، ئەوەی گرنگە بەلای حکومەتەوە گەڕانەوەی ژیانی ئاساییە لەگەڵ رژدبوونیان لەسەر پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیان، لەوانە مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە لە شوێنی دیاریکراو و رێگریکردن لە کووشتن و پەلامار و دەستدرێژیکردن جار هەر چۆنێک بێت.

ئەمڕۆ 10 رۆژە خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق بەچڕی دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 260 کەس کوژراون و زیاتر لە 12 هەزار کەس برینداربوون.
Top