دەستەی نەزاهەی عێراقی فەرماندی دەستگیرکردنی ٦٠ پەرلەمانتار و بەرپرسان دەرکردووە، لەنێویشیاندا ناوی حەیدەر عەبادی
ئەگەری دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەبێتە بابەتێکی گەرمی میدیاکانی ئەو وڵاتە و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دێنێتە دەنگ.
بەشێک لە میدیاکان بڵاویان کردەوە کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو ١ی ١١ی ٢٠١٩، دەستەی نەزاهەی عێراقی فەرماندی دەستگیرکردنی ٦٠ پەرلەمانتار و بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی موڵکی گشتی دەرکردووە، لەنێویشیاندا ناوی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەهێندرا.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ١١ی ٢٠١٩، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕوون کراوەتەوە: ”ئیئتیلافی نەسڕ (عەبادی سەرۆکایەتی دەکات) لە بەیاننامەیەکدا پاش هەوڵی گەمارۆدانی ماڵەکەی، پرسیاریان کردووە کە ئاخۆ هیچ فەرمانێکی گرتنی عەبادی هەیە؟ بەڵام لە لایەن دادگاوە هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنی عەبادی تائێستا دەرنەکراوە“.
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە لە حاڵەتی دەرچوونی هەر فەرمانێکی دەستگیرکردن بۆ عەبادی یان هەر کەسێک بێت، دامەزراوە فەرمییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندیدارن بە جێبەجێکردنی فەرمانەکە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ١٠ی ٢٠١٩، عەبدولستار بەیرەقدار، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە ڕاگەیاندراوێکدا حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی بە گەندەڵی و تێوەگلانی خۆی و وەزیرەکانی بە تاوانی جۆراوجۆر لەقەڵەم دابوو، هەروەها رای گەیاندبوو کە عەبادی پێگەکەی بۆ مەبەستی تایبەتی بەکار هێناوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ شەممە، هێزێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی حەیدەر عەبادی و بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەکەی، ئەگەر بەهۆی پاسەوانانی ماڵەکەوە نەبووایە، ئەگەر هەبووە ماڵەکەی بەتەواوی گەمارۆ بدرێت و بچنە نێو ماڵەکەشەوە، لەم کاتەشدا خودی عەبادی لەماڵەوە بووە.
باسنيوز