ئه‌وروپا به‌ نیازه‌ 13 هه‌زار داعشی بگوازێته‌وه‌ عێراق

ئه‌وروپا به‌ نیازه‌ 13 هه‌زار داعشی بگوازێته‌وه‌ عێراق
سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی عێراقی ئاشكرای ده‌كات، به‌رپرسانی ئه‌وروپا پێشنیازیان كردووه‌، 13 هه‌زار داعشی، كه‌ له‌ زیندانه‌كانن له‌ سووریا "رۆژئاوای كوردستان" بگوازرێنه‌وه‌ عێراق، به‌ڵام به‌غدا ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌.

وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم له‌ زاری ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌رپرسانی ئه‌وروپا به‌مدواییه‌ سه‌ردانی عێراقیان كردووه‌ و پێشنیازیان بۆ به‌رپرسانی به‌غدا كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و 13 هه‌زار چه‌كداره‌ی پێشووی داعش بهێنرێنه‌ عێراق و به‌غدا دادگاییان بكات.

له‌ باره‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی پێشنیازه‌كه‌ش، سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "به‌غدا پێیوایه‌ دادگاییكردنی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی كه‌ عێراقی نین، پرسێكی جیایه‌ و په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نییه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ هیچ تاوانێكیان له‌سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام نه‌داوه‌".

پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ كاتی ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی توركیا له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا، دوو له‌ مه‌ترسیدارترین چه‌كداری داعشی گواستووه‌ته‌وه‌ عێراق، كه‌ له‌ شانه‌یه‌ك بوونه‌ به‌ناوی "بیتلز"، كه‌ "ئه‌لێكسانده‌ر كوتی و شافعی شێخ" بوون.

شانه‌ی "بیتلز" به‌هۆی جیاوازی ره‌چه‌ڵه‌كی چه‌كدارانی ئه‌و ناوه‌یان لێنراوه‌، كه‌ له‌ ریزی داعش بوونه‌ و هه‌ریه‌كێكیان له‌ وڵاتێك هاتوونه‌، شانه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی كوشتنی 27 دیلیان له‌ ئه‌ستۆیه‌، كه‌ دووانیان رۆژنامه‌وانی ئه‌مه‌ریكی بوون، به‌ناوه‌كانی "جه‌یمس فوڵی و ستیڤن سۆتلۆف".
Top