ئەنجوومەنی دادوەریی: فەرمانی دەستگیرکردنی عەبادیمان دەرنەکردووە

ئەنجوومەنی دادوەریی: فەرمانی دەستگیرکردنی عەبادیمان دەرنەکردووە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رەتیدەکاتەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەرکردبێ و رایگەیاند، جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن کاری وەزارەتی ناوخۆیە.

ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند "راگەیەندراوی هاوپەیمانی نەسر سەبارەت بە هەوڵی گەمارۆدانی ماڵی عەبادی و بوونی فەرمانی دەستگیرکردنیمان بینی، بەڵام هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنی عەبادی لە لایەن دادگاوە دەرنەچووە".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "لە ئەگەری دەرچوونی فەرمانێکی دەستگیرکردنی هەر کەسێک لەلایەن دادگاوە ئەوا لایەنە فەرمییەکانی سەر بە دەوڵەت وەک وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسن لە جێبەجێکردنی، ئەمەش بۆ هەمووان ئاشکرایە بەپێی رێڕەوە یاساییەکان".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر رایگەیاند، عەلی سنێد، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی رایگەیاند "هێزێکی چەکداری نەناسراو دیار نییە هێزی ئەمنییە یاخود میلیشیایە ماڵی حەیدەر عەبادی گەمارۆداوە".

هاوکات عەبدولکەریم خەڵەف، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند "ئەو هەواڵە وردنییە، فەرماندەی ئەمنی ناوچەی سەوز سەردانی ماڵی حەیدەر عەبادی کردووە و دڵنیابووە لە سەلامەتی ناوبراو و پاسەوانەکانی".

خۆپیشاندانەکانی عێراق مانگێک و دوو رۆژە بەردەوامن و عەلی ئەکرەم بەیاتی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند "لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراون گەیشتووەتە 264 کوژراو و نزیکەی 12 هەزار کەس بریندارن".
Top