سەربەست مستەفا : هەڵبژاردنی پێشوەخت هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت
سەربەست مستەفا گوتی: "ئەگەر دانانی دەستەیەکی نوێ بۆ کۆمسیۆن لەسەر شێوازی جاران بێت، ئەوا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەگەر نیازیان وا بێت، کە دانانی دەستەیەکی نوێ لە ڕیگای پەرلەمانەوە بێت، ئەوا هەر دەبێتە موحاسەسەی حزبی، پێویستە ڕێگایەکی نوێ بدۆزنەوە لە دەرەوەی پەرلەمان ئەو دەستەیە دەستنیشان بکرێت، بۆ نموونە، لە ڕیگای UNـەوە بێت، یان سەرۆککۆمار، یان سەرۆکوەزیر، یانیش ئەنجومەنی دادوەری ئەو ناوانە پەسەند بکات و، مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراقی تێدا پارێزراو بێت."
سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "عێراق لە ڕیگای دەسەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکان نقووم بووە لە گەندەڵى، ئێستاش خۆپێشاندان دەکرێت، بەڵام دەستی دەرەکی و حزبیش کەوتوونەتە نێو خۆپێشاندەران و هەندێک لایەن دەیانەوێ خۆپێشاندەران بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بهێنن."
سەربەست مستەفا دەشڵێ: "بابەتەکە گۆڕینی ئەم کابینەیە نییە و گۆڕینی ئەم کابینەیە و نەمانی حکوومەتیش هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، بەڵکو بابەتەکە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتە و ئەوە داواکاریی خەڵکە."
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی دا، لەو بارەیەشەوە، سەربەست مستەفا دەڵێ: "ئەم بڕیارە پێچەوانەی ماددەکانی دەستووری عێراقە، سیستمی عێراق سیستمی فیدرالیی لامەرکەزییە، ئێستاش پرسی عێراق هەڵوەشاندنەوە و هەمواری دەستوور نییە، کێشەکە کێشەی خەڵکە و لە کابینەکانی پێشتریشدا ئەم پرسە هەر هەبووە."