کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ: لە کەربەلا کەسێک کوژراو و 192 کەس برینداربوون
ئەوانەی برینداربوونە 50 کەسیان خۆپیشاندەرن و 142 کەسیان سەر بە هێزە ئەمنییەکانن.
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون، 140 کەسن، کە 80 کەسیان گیراون و 60 کەسیش ماون لە دادگا دۆسیەکانیان یەکلایی بکرێتەوە.
پێشتر ئەندامێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندبوو، شەوی رابردوو بەهۆی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە شاری کەربەلا 18 خۆپیشاندەر کوژران و 800 خۆپیشاندەری دیکە برینداربوون، بەڵام ئیدارەی شارەکەش ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند تەنیا یەک کەس کوژراوە.
عەلی هاشم، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست لە عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی عێراق رەتیکردەوە بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و مانگرتووان شەوی رابردوو لە کەربەلا قوربانی لێکەوتبێتەوە یان هاتووچۆ لە شارەکە قەدەخەکرابێ.
ڤیدیۆکان لە پارێزگای کەربەلا کە چالاکوانان لە سۆشیاڵمیدیا بڵاویان کردوونەتەوە پیشانی دەدەن کە لە کاتی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران شەوی رابردوو لە کەربەلا تەقەیەکی زۆر دەکرێ.
هاوکات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە کاژێر 12:00ـی شەو دەستپێدەکات تاوەکو کاژێر 6:00ی بەیانی قەدەخەی هاتووچۆی لە بەغدا راگەیاند تاوەکو وادەیەکی نادیار، بەڵام خۆپیشاندەران هێشتا لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا ماون.
خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە بەغدا و ناوەڕاست و باشووری عێراق دژی گەندەڵی و هەژاری و بێکاری بەردەوامە و ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانیش لە سەرەتای مانگەوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 235 کوژراو و زیاتر لە هەشت هەزار بریندار.
هاوکات پۆلیسی کەربەلا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداران رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردوو خۆپیشاندەرێک کوژراوە و 122 خۆپیشاندەری دیکەش برینداربوون.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، بەکارهێنانی هەموو جۆرە تووندوتیژیەک رەتدەکاتەوە و داواش لە هێزە ئەمنییەکان دەکات تا ئەوپەڕی لەبەرامبەر دەنگی ناڕەزایەتی خۆپێشاندەران دان بەخۆیاندا بگرن و هاوکاری خۆپێشاندەران بن. داواش لە هێزە ئەمنیەکان دەکات سەرجەم دەستبەسەرکراوان ئازاد بکەن.