گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نەجەف دۆزرایەوە
گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سنووری پارێزگای نەجەف لە باشووری عێراق، دۆزرایەوە.
دەزگای شەهیدی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، درێژیی گۆڕەکە 400 مەترە و تەرمی هاووڵاتییانی عێراقی تێدایە.
هەروەک دەزگای شەهید پێی وایە ئەو کەسانەی لەو گۆڕە بە کۆمەلەدا نێژراون، هاووڵاتییانی راپەڕیوی باشووری عێراقن، کە لە ساڵی 1991 لە دژی رژیمی بەعس راپەڕینیان کرد، بەڵام شکستیان هێنا.
لە بەهاری 1991، هاووڵاتییانی باشووری کوردستان لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین و توانییان لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەموو دامودەزگا داپڵۆسێنەر و داگیرکەرەکانی رژێمی عێراق لەکوردستان دەر بکەن.
دوای راپەڕینی بەهاری 1991 لە کوردستان، کە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ بەرهەم هات، هاووڵاتییانی باشووری عێراق لە رژێمی وڵاتەکەیان راپەڕین، بەڵام شکستیان هێنا و رژێم هەزاران هاووڵاتیی راپەڕیوی کوشت.
باسنيوز