فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکەن

 فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکەن


پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەک لەبارەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەکات و پەرلەمانتارێکی کوردیش باس لە بەشداریکردنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات.

بڕیارە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ دووشەممە 28-10-2019، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی داواکانی خۆپیشاندەران و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرای وڵاتەکە بۆ چاکسازی، کۆ ببێتەوە.

ھەدار بارزانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی لەو کۆبوونەوەیە دەکەن.

بڕیاربوو رۆژی شەممە 26-10-2019 پەرلەمانی عێرا بۆ تاوتوێکردنی هەمان بابەت، کۆ ببێتەوە، بەڵام بەهۆی رێک نەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان و بەشدارینەکردنی پەرلەمانتاران، کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.

خۆپیشاندانەکان نزیکەی یەک مانگە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن.

بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و بەشێک لە خۆپیشاندەران، تا ئێستا و بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 224 کەس کوژراون.





باسنیوزو
Top