لە سنووری خانەقین داعش هێرشدەکاتە سەر فەوجێکی حەشدی شەعبی
موقەدەم ئەحمەد مستەفا، هەواڵگری هێزەکانی پێشمەرگە راگەیاند :"کاژێر 8:30 خولەکی ئەمشەو (یەکشەممە 27-10-2019) چەکدارانی داعش هەڵیانکوتاوەتە سەر فەوجێکی حەشدی شەعبی لە نەفتخانە (باشووری رۆژهەڵاتی خانەقین) بەهۆیەوە سێ چەکداری حەشدی شەعبی کوژراو و هەشتی دیکەش برینداربوون".
بەشێک لە بریندارەکان هێنراونەتە نەخۆشخانەی خانەقین و چارەسەر وەردەگرن.
موقەدەم ئەحمەد مستەفا سەبارەت بە کوژرانی چەکدارانی داعش رایگەیاند، "زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی کە سێ چەکداری داعش کوژرابن، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتڕاستنەکراوەتەوە، زانیاری هەیە داعش هێرشەکانی چڕتردەکاتەوە لە دوای کوژرانی خەلیفەکەیان. ئێستا بەشێک لە هێزەکانی سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای دیالە کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە".
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا داعش لە سنووری شارۆچکەی گوڵاڵە لە سنووری خانەقین دوو هاووڵاتی عەرەب کوژراون و دووی دیکەش برینداربوون. رۆژی شەممەش لە گوندێکی سنووری شارۆچکەی زنانە هاونیشتمانییەکی کوردیان کوشت کە پیشەی شوان بووە. هەروەها لە گوندی ئاشتۆکان لە سنووری شارۆچکەی قەرەتە کەسێکی دیکەیان رفاندووە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
نەفتخانە بە دووری نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی خانەقین دوورە و چەندین کێڵگەی نەوتی تێدان.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی راگەیاند. ئەمریکا رایگەیاند "لەدوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریکا، ئێستا ترسی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن داعشەوە لە نێوخۆی ئەمریکاوە هەیە. وەزارەتی ئاسایشی نێخۆی ئەمریکا، ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی تۆڵە سەندنەوە لەلایەن داعشەوە لە نێوخۆی ئەمریکا".