کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق: ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان گەیشتنە 74 کەس

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق: ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان گەیشتنە 74 کەس
رۆژی هەینی رابردوو خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستیپێکردەوە، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ئاماری سێ رۆژی خۆپیشاندانەکان بڵاودەکاتەوە و بەپێی ئامارەکان 74 کەس کوژراون.

بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق زۆربەی ئەوانەی کوژراون لە شەڕوپێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانی بارەگا حیزبییەکان کوژران.

سەبارەت بە ژمارەی برینداران، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق دەڵێت، سێ هەزار و 654 خۆپیشاندەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون کە زۆربەیان بەهۆی گازی فرمێسکرێژ بووە و زۆربەشیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، 90 باڵەخانەی حکومی و تایبەت و بارەگای حیزبی سووتێندراون و زیانیان پێگەیشتووە.

پۆلیس 158 کەسی دەستگیرکراون کە 123 یان ئازادکراون، 35 یان هێشتا ئازاد نەکراون و کۆمیسیۆنیش 64 سکاڵای بەدەستگەیشتووە.

وەک هاوسۆزی بۆ داوای خۆپیشاندەرانیش، دوو پەرلەمانتارەکەی حیزبی شیوعی و پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی نەسر لە پەرلەمانی عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە.

هەریەک لە پەرلەمانتاران رائید فەهمی، پەرلەمانتار و سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی و هەیفا ئەمین، پەرلەمانتاری ئەو حیزبە و تەها دەفاعی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی نەسر دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە ئەندامییەتی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.
Top