کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق: ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان گەیشتنە 74 کەس
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق زۆربەی ئەوانەی کوژراون لە شەڕوپێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانی بارەگا حیزبییەکان کوژران.
سەبارەت بە ژمارەی برینداران، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق دەڵێت، سێ هەزار و 654 خۆپیشاندەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون کە زۆربەیان بەهۆی گازی فرمێسکرێژ بووە و زۆربەشیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، 90 باڵەخانەی حکومی و تایبەت و بارەگای حیزبی سووتێندراون و زیانیان پێگەیشتووە.
پۆلیس 158 کەسی دەستگیرکراون کە 123 یان ئازادکراون، 35 یان هێشتا ئازاد نەکراون و کۆمیسیۆنیش 64 سکاڵای بەدەستگەیشتووە.
وەک هاوسۆزی بۆ داوای خۆپیشاندەرانیش، دوو پەرلەمانتارەکەی حیزبی شیوعی و پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی نەسر لە پەرلەمانی عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە.
هەریەک لە پەرلەمانتاران رائید فەهمی، پەرلەمانتار و سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی و هەیفا ئەمین، پەرلەمانتاری ئەو حیزبە و تەها دەفاعی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی نەسر دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە ئەندامییەتی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.