سێ پەرلەمانتاری عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە
هەریەک لە پەرلەمانتاران رائید فەهمی، پەرلەمانتار و سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی و هەیفا ئەمین، پەرلەمانتاری ئەو حیزبە و تەها دەفاعی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی نەسر دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە ئەندامییەتی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.
رائید فەهمی لە لێدوانێکدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوەوە و رایگەیاند، وەک هاوسۆزییەک بۆ خۆپیشاندانەکان و ئەو راپەڕینە جەماوەرییە و کوژران و برینداربوونی ئەو ژمارە زۆری خۆپیشاندەران دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
رائید فەهمی گوتیشی، پەرلەمانیش وەک پێویست رۆڵی خۆی نەبووە و حکومەتیش زۆر دواکەوتووە لە ئەنجامدانی چاکسازییەکان و متمانە لەنێوان گەل و حکومەت نەماوە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوەیان لە پێناو گۆڕانکاریی ریشەیی و گواستنەوەی وڵاتە بۆ دۆخێکی نوێ، کردنەوەی ئاسۆی پەرەپێدان و پێشکەوتن و ژیانێکی سەقامگیر و ئارامە.
رائید فەهمی رایگەیاند، ئەمڕۆ دەست لەکارکێشانەوەیان راگەیاندووە و سبەی دووشەممە بە فەرمی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکەن.
حیزبی شیوعی عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی سائیروون بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد و دوو کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق دوایین ئاماری خۆپیشاندانەکانی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا بڵاوکردەوە و بەپێی راگەیێندراوەکە 74 کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و 600 کەسیش برینداربوونە.