دووبەردانی: لایەنەکانی عێراق بۆ پاڵپشتیی حکوومەت گەیشتنە ڕێککەوتن

دووبەردانی: لایەنەکانی عێراق بۆ پاڵپشتیی حکوومەت گەیشتنە ڕێککەوتن
بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە بەڕێوە بچێت و پەرلەمانتارێکی پارتیش ئاشکرای کرد، لایەنەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن کە پاڵپشتی حکوومەت بن تا پڕۆژەی چاکسازی جێبەجێ دەکرێت.

شیروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ڕۆژی دووشەممە (٢٨ی ١٠ی ٢٠١٩) دوا خرا، بەڵام ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی ڕەوشی ئێستا و خۆپیشاندانەکانەوە بەڕێوە دەچێت و تەوافوقێک پەیدا بووە، ژمارەی یاساییی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنی دووشەممە ببن."

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "سبەی پڕۆژەی چاکسازیی سەرۆکوەزیران دەگاتە پەرلەمان و زۆربەی لایەنەکانیش گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و چاوەڕێی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازیی سەرۆکوەزیرانن، تەنانەت کوتلەی سائیروونیش پاڵپشتیی خۆی بۆ حکوومەت پێشان داوە، کە مۆڵەت بە حکوومەت بدرێت، بۆ ئەوەی بزانن تا چەند داوکاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکرێت."

شیروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە وەک پەرلەمان لەگەڵ خۆپێشاندانی مەدەنی و داوای ڕەوای خۆپێشاندەرانین لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری عێراقدا، پێشتریش پەرلەمان ٢٠ بڕیاری دەرکردووە و لەوانەیە سبەی بڕیاری زیاتریش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھاووڵاتییان لە ھەموو بوارەکاندا دەر بکەین، کاتیش بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان دیاری دەکرێت."
Top