مافی مرۆڤ: ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق گەیشتە 63 کەس
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایدەگەیەنێت، کە ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژی رابردووی عێراق گەیشتووەتە 63 کەس.
کۆمسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، زۆرترین خۆپیشاندەر لە پارێزگای زیقار کوژراون، کە 15 خۆپیشاندەر بوون و دوای ئەویش شارەکانی میسان 14 کوژراوە، دیوانییە 12 کوژراوە، بەغدا 10 کوژراو، بەسرە حەوت کوژراو، بابل چوار کوژراو و موسەنناش یەک کوژراو.
هەروەک کۆمسیۆنەکە رایگەیاندووە، ژمارەی بریندارانیش بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە دوو هەزار و 592 کەس، کە بەمشێوەیە بەسەر شارەکان دابەش بوون:
- بەغدا 1794
- کەربەلا 349
- بەسرە 301
- زیقار 176
- موسەننا 151
- دیوانییە 119
- میسان 110
- واست 10
- کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی بە سووتاندن و وێرانکردنی 83 بارەگای حکوومی و حزبی و میلیشیاکانیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، کردووە.
رۆژی هەینی 25-10-2019، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
باسنیوز