نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکات
نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکی تووندی لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێو خۆپیشاندانەکانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و سەرکۆنەی ئەو کوشتن و کوشتارگەیە دەکات کە دژ بە خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە.

جێنین هێنیس، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق دەڵێت، زۆر بەداخم و سەرکۆنەی زیادبوونی گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵک دەکەم و بەتووندی دژی وێرانکردنی ماڵ و موڵکی حکومەت و خەڵک دەوەستینەوە.

سەبارەت بەو گرووپە چەکدارانەی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەشێوێنن، جێنین هێنیس دەڵێت"ئەو گرووپە چەکدارانەی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەشێوێنین، زیان بە متمانە و توانای حکومەت بۆ هەڵوێست نواندن دەگەیەنن و چاوپۆشی لەو کردارە ناکەین".

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق رایدەگەیێنێت، دەبێت هەموو لایەنەکان هەوڵەکانیان دووجابکەن بۆ ئەوەی نەهێڵن گرووپە چەکدارییەکان سیمای خۆپیشاندانەکان بشێوێنن.

لە کۆتایدا ئەو بەرپرسەی یونامی داوا لە پارتە دەسەڵاتدارەکان دەکات کردار بنوێنن و کۆتایی بە گەندەڵی بهێنن و داواکاری شەرعی خەڵک بەجێبهێنن و لە کارەکانیاندا شەفاف بن.

ئەمڕۆ لە پارێزگانی باشووری عێراق شەش خۆپیشاندەر کوژراون و چەند خۆپیشاندەرێکی دیکەش برینداربوون. خۆپیشاندەران داوا دەکەن حکومەت دەستلەکاربکێشێتەوە و گەندەڵکاران سزابدرێن.

لە ماوەی دوو رۆژی رابردووی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، تاوەکو ئێستا بەپێی ئاماری مافی مرۆڤی عێراق 41 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە دوو هەزاری دیکەش برینداربوون.
Top