299 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان نابن
بەپێی هەواڵێکی میدیا عێراقییەکان، تەنیا 30 پەرلەمانتار لەکۆی 329 پەرلەمانتاری عێراق، ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەممە 26-10-2019، بوون.
بڕیار بوو لە دانیشتنەکەدا، چاو بە داواکاریی خۆپیشاندەران بخشێندرێتەوە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی چاکسازی، تاوتوێ بکرێن.
بەشێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە زۆرینەی بەرپرس و پەرلەمانتارانی عێراق لە ترسی فراوانبوونی خۆپیشاندانەکەی رۆژی هەینی، وڵاتەکەیان بەجێ هێشتووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو زانیارییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
رۆژی هەینی 25-10-2019، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
بەپێی دوایین زانیاری، بەهۆی توندوتیژیی سوپا و هێزە ئەمنییەکان دژی خۆپیشاندەرانەوە، 42 خۆپیشاندەر لە شارەکانی بەغدا، کەربەلا، بابل، میسان، زیقار، بەسرە، واست و دیوانییە کوژراون و 2300ی دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز