د. بەشیر حەداد: گیانی خۆپیشاندەرێکی عێراقی لە ھەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت پیرۆزترە

د. بەشیر حەداد: گیانی خۆپیشاندەرێکی عێراقی لە ھەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت پیرۆزترە
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە کە بڕیارە سبەی لە بەغدا و شارەکانی دیکە بەڕێوەبچێت، دەڵێت، فەرماندەی ھێزی پاراستنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی راسپاردووە هيچ جۆره تووندوتيژييەك بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكارنەهێنن.

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "فەرماندەی ھێزی پاراستنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقم راسپاردووە كه لەکاتی ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو و ھاتنی خۆپيشاندەران بۆ بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بههيچ شێوەیەک نه چەك و نه هيچ جۆره تووندوتيژييەك بەكارنەهێنن، چونکە گیانی مرۆڤێک لە ھەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق پیرۆزترە. بۆیە دەبێت زۆر بە شێوەیەکی مەدەنیانە لەبەرامبەر خۆپیشاندەران ھەڵسوکەوت بکرێت و رەوشەکە نەخەینە بەردەم بەرژەوەندی نەیاران''.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە خۆپیشاندەرانیش دەکات بەشێوەیەکی مەدەنیانە و دوور لە تووندوتیژی خۆپیشاندان بکەن، بەشێوەیەک کە پەیامەکانیان بگاتە دەسەڵات.
Top