عێراق باری له‌ناكاوی راگه‌یاند

عێراق باری له‌ناكاوی راگه‌یاند
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به‌ڵێنی پارێزگاریكردن له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی دا، كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ینی به‌شداری له‌ گه‌وره‌ترین خۆپێشانداندا بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شوێنێك بۆ رۆماڵی خۆپێشاندانه‌كان بۆ ده‌زگا میدیاییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن.

له‌مباره‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ته‌واوی هێزه‌كانی خسته‌ ئه‌وپه‌ڕی حاڵه‌تی ئاماده‌باشی "هۆشداری پله‌ (ج)"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماده‌كاریه‌ك بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو، كه‌ به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ بێته‌ ئاراوه‌.

هه‌روه‌ك سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانیش ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ریان ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی پێشتر میدیاكارانی ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی راگه‌یاندن له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر.

یاسین یاسری، وه‌زیری ناوخۆی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، "ئه‌و فه‌رمانی گرتنه‌به‌ری ئه‌وپه‌ڕی رێككاره‌ ئه‌منییه‌كانی به‌ هێزه‌ ناوخۆییه‌كان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ باره‌گاكانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بكه‌ن" پێداگیریشی كرد، كه‌ "ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ هه‌رچییه‌ك بێت، نابێت هێزه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ پارێزگاریكردن له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن سڵ بكه‌نه‌وه‌".

نووسینگه‌ی میدیایی یاسری له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "وه‌زیری ناوخۆ پێشوازی له‌ ماتیۆ تۆله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كردووه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی پارێزگاریكردن له‌ ئاسایشی هاووڵاتیان و سامانی گشتی ده‌وڵه‌ت كردووه‌ته‌وه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "یاسری جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی رۆڵی هێزه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوخۆی عێراق كردووه‌ته‌وه‌".

ئه‌م ئاماده‌كاری و هۆشداریه‌ ئه‌منییانه‌ی عێراق له‌كاتێكدان، كه‌ بڕیاره‌ ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان بۆ سبه‌ی هه‌ینی له‌ شاری به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق كراون.
Top