میلیشیایەک ئامادەکاری بۆ بارودۆخی ”شۆڕش“ لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-10-2019، میلیشیای سەرایا سەلام، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و بەڵێن دووپات دەکەنەوە، کە چاوەڕێی فەرمان و ئاماژەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەکەن.
پێشتر کەسێکی نزیک لە موقتەدا سەدر بەناوی ساڵح محەمەد ئەلعێراقی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندبوو، دەبێ سەرایا سەلام، کوتلەی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق و لێژنەی هێزە ئەمنییەکانی رەوتی سەدر خۆیان بۆ هەموو ئەگەر و پێشهاتەکان ئامادە بکەن.
ساڵح محەمەد ئەلعێراقی هۆکاری ئەو ئامادەکارییەی، کە لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 24-10-2019 تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێ، بۆ ”بارودۆخی شۆڕش و مەترسییەکانی سەر عێراق“ گەڕاندبووەوە.
بڕیارە رۆژی هەینی خۆپیشاندانێکی گەورە بە بەشداریی ملیۆنان کەس لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجام بدرێ و موقتەدا سەدر ناراستەوخۆ پشتگیریی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکە راگەیاندووە.