پەرلەمانتاران: هیچ رێککەوتنێک بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی نییە
شێخ محەممەد بەسری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی لە توویتێکدا رایگەیاندووە، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی رۆژی 24ـی ئەم مانگە دەستلەکاردەکێشێتەوە و دەبێتە حکومەتی کاربەڕێکەر، سەرۆکوەزیرانیش داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و لەماوەی شەش مانگدا هەڵبژاردن بە چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوەشدەکات، هەمووان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر ئەوە خاڵانە رێککەوتوون.
نەدا شاکر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە لێدوانێکدا بێ ئاگایی خۆی لەوە دەربڕی کە کوتلە سیاسییەکان رێککەوتبن لەسەر ئەوەی عادل عەبدولمەهدی رۆژی 24ـی ئەم مانگە دەستلەکاربکێشتەوە. پەرلەمانتارەکەی نەسر ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕێی رۆژی 25ـی ئەم مانگە دەکەن کە بڕیارە خۆپیشاندان دەستپێبکاتەوە و پشتوانیش لە هەموو خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە دەکەن.
هاوکات رائید فەهمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سائیروون و سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراق لە لێدوانێکدا رەتیکردەوە رێککەوتن هەبێت بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی.
هادی عامری،سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و سەرۆکی رێکخراوی بەدر ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند، وەڵامدانەوەی داواکاری خۆپیشاندەران بە کشانەوەی متمانە لە حکومەت ناکرێت، بەڵکو بە هاوئاهەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان دەبێت.
شەوی رابردوو رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق سەبارەت بەو خۆپیشاندانانەی کە چاوەڕواندەکرێت لە 25ی ئەم مانگەدا سەرهەڵبدەن، رایگەیاند: هەموو سیاسەتڤانەکان و کاربەدەستانی حکومەت لە ترسی رێپێوانی جەماوەریی زەندەقیان چووە.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "شۆڕشگێڕان.. وادیارە بڕیارتاندا لە 25ی ئەم مانگەدا خۆپیشاندان بکەن، ئەمە مافێکە لە مافەکانی ئێوە، بەڵام من دەمەوێت لە شتێکی پشتی پەردە ئاگادارتان بکەمەوە. هەموو سیاسەتڤانەکان و کاربەدەستانی حکومەت لە ترسی رێپێوانی جەماوەریی زەندەقیان چووە و تووشی هیستیریا بوونە، هەموویان هەوڵدەدەن فریای خۆیان بکەون، بەڵام هیچکات ناتوانن، چونکە کات بەسەرچوو".