عێراق مەترسی لە گەڕانەوەی داعش هەیە
لیوا تەحسین ئیبراهیم، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق راگەیاند "ترسمان لە زیاتر لە 12 هەزار تیرۆریست هەیە، كە هەزاریان بیانین، 11 هەزاریان عەرەب و عێراقین، فەرماندەی سەربازی دیاریان تێدایە و شارەزایی زۆریان لە كاری تیرۆر هەیە، بۆیە مەترسی دەكرێت دزە بكەنە نێو عێراق و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن".
هەروەها گوتی "ئەوانە كاریگەرییان لەسەر ئاسایشی عێراق دەبێت، بۆیە چەند رێكارێكمان گرتووەتە بەر، لەوانە داخستنی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، رەوانەكردنی هێز بۆ سەر سنوور، دانانی تاوەر و كامێرای چاودێری، 24 كاژێر چاودێریكردنی سنوورەكان لەڕێگەی فڕۆكەوە، پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ لایەنی سووری، هێزەكانی سووریای دیموكرات، توركیا، ئەمریكا و هەموو ئەو لایەنانەی هاوكاریی عێراق دەكەن".
شارەزایەكی سەربازیش پێیوایە هێزەكانی عێراق ناتوانن سنوورەكان لەگەڵ سووریا كۆنترۆڵ بكەن، بۆیە هەلی دزەكردن بۆ نێو عێراق لە بەردەم چەكدارانی داعش هەیە.
عەلی روبەیعی، شارەزا لە كاروباری سەربازی راگەیاند "بە لەبەرچاوگرتنی سنووری نێوان عێراق سووریا بەدرێژایی زیاتر لە 680 كیلۆمەتر، هێزەكانی عێراق ناتوانن تەواوی سنوورەكە كۆنترۆڵ بكەن و ئەگەری بەزاندنی سنووری عێراق لەلایەن چەكدارانی داعش هەیە، بۆیە پێویستە حكومەتی عێراق چالاكییەكانی چاودێری لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە چڕتربكات و رێكاری ئەمنی تووند بگرێتەبەر".
هەروەها گوتی "بەراورد بە ساڵی 2014 هێزە عێراقییەكان ورەیان بەرزە و شارەزایی زۆریشیان لە شەڕی تیرۆر پەیداكردووە، لە بەرامبەردا هزری داعش داڕووخاوە و پرۆسەكانی كوشتن و گرتن و رفاندنی خەڵكی سڤیلیش باڵانسی چەكدارانی داعشی زۆر دابەزاندووە، سەرەڕای لەدەستدانی شوێنەكانی خۆحەشاردان، داعش هەرەشە لە چارەنووسی گەلێك و وڵاتێك دەكات بۆیە تاقە بژاردە لەبەردەم هێزە چەكدارەكان و گەل وەستانە بەڕووی تیرۆر، هەر هەوڵێكی داعشیش بە ئاراستەی عێراق بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەدرێتەوە".