حکومەتی عێراق 61 بەرپرسی باڵای لە کارەکانیان دورخستەوە
لە بڕیارەکەدا کە واژۆی حەمید نەعم، ئەمیداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لەسەرە و رۆژی 14ی ئەم مانگە دەرچوە ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە بە بەخشینی لیستێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە ژمارەیان 61 کەسە لە پۆستەکانیان و بڕیارەکە لە رۆژی دەرچونیەوە جێبەجێدەکرێت.
ئەوەش هاتوە، یاریدەدەری ئەو بەشانە یان فەرمانبەری پێشکەوتو کارەکانی ئەو کەسانە لە بەڕێوەبەرایەتییەکاندا بەڕێوەدەبەن تاوەکو لەسەر پێشنیازی وەزارەتەکانیان کەسانی نوێ بۆ جێگرتنەوەیان پێشنیاز دەکەن.
تا ئێسا حکومەتی عێراق لە وەڵامی داواکارییەکانی خۆپیشاندەراندا نزیکەی 30 بڕیار و چەندین رێنمایی دەرکردوە، کە دیارترینیان بریتییە لە دابینکردنی 100 هەزار یەکی نیشتەجێبون بۆ کەسانی کەم دەرامەت و رەخساندنی هەلی کار بۆ 150 هەزار کەس و گەڕانەوەی 101 هەزار فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری کە گرێبەستەکانیان کۆتای هاتبو، لەگەڵ دابینکردنی ترلیۆنێک دینار بۆ پێدانی قەرز بەو گەنجانەی بیرۆکەی پڕۆژەی بچوکیان هەیە.
یەکی ئەم مانگە خۆپیشاندان لە زۆرینەی شارو شارۆچکەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق دەستپێکرد و ماوەی هەفتەیەک بەردەوم بو، خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 110 کەس گیانیان لە دەستدا و نزیکەی شەش هەزار کەسیش برینداربون.
خەندان