کچەکەی سەدام حوسێن بۆ دۆناڵد ترەمپ: کێ قەرەبووی ئێمە دەکاتەوە؟

کچەکەی سەدام حوسێن بۆ دۆناڵد ترەمپ: کێ قەرەبووی ئێمە دەکاتەوە؟
کچە گەورەکەی سەدام حوسێن پەیامێک بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەنێرێت و تێیدا دەپرسێ، ”کێ قەرەبووی ئێمە دەکاتەوە؟“.

رەغدی کچە گەورەی سەرۆکی لەسێدارەدراوی رژێمی بەعسی عێراق لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ”کێ قەرەبووی خوێنی باوکم، براکانم و کورە برایەکەم دەکاتەوە؟ کێ قەرەبووی گەلی عێراق دەکاتەوە؟“.

رەغد سەدام حوسێن پێی وایە بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعس بڕیارێکی ”ستەمکارانە“ بووە و ئەوەی ئێستاش لە عێراق دەگوزەرێ، ئەنجامی ئەو بڕیارەیە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعس بە ”خراپترین بڕیار" لە مێژووی ئەمریکا ناو بردبوو و رایگەیاندبوو، “شەڕێکمان بە پاساوی پووچ هەلگیرساند“.

لە ساڵی 2003، جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقی، کە سەدام حوسێن سەرۆکایەتی دەکرد، دا.

لە ئەنجامی شەڕەکەدا، کە لە 19-3 تا 1-5-2003 بەردەوام بوو، رژێمی سەدام حوسێن رووخێندرا و زۆرینەی بەرپرسە باڵاکانی ئەو رژێمەش، بە سەدام حوسێنەوە، دەستگیر کران.

جۆرج دەبلیو بوش، کە وەک دۆناڵد ترەمپ سەر بە پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا بوو، لە 20-1-2001 تا 20-1-2009، سەرۆکی 43یەمی ئەمریکا بوو.

دوای رووخاندنی رژێمەکە و خۆشاردنەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک، رۆژی 6.12.2003، سەدام حوسێن‌ی سەرۆکی رژێمی بەعس لە چاڵێکدا لە باخچەیەکی سنووری شاری تکریت دەستگیر کرا و دوای دادگایی کردنی، لە رۆژی 5.11.2006 دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.











باسنيوز
Top