ئۆزبەکستان 64 منداڵی چەکدارانی داعش لە عێراق وەردەگرێتەوە
منداڵەکان، کە گەورەترینیان تەمەنی 14 ساڵە، لەگەڵ دایک و باوکیان گەیشتبوونە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە عێراق و دوای کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، لەگەڵ کەسوکارەکانیان دەستگیر کرابوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆزبەکستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە ئەو 64 منداڵە شەوی پێنجشەممە 10-10-2019 بە فڕۆکەیەک و بە هەماهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق، گەتیەندراونەتەوە وڵاتەکەیان.
زۆرینەی دایک و باوکی ئەو منداڵانە لە عێراق بە زیندانیکردنی هەتا هەتایی سزا دراون.
دوای دروستبوونی داعش و راگەیاندنی خەلافەتی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەسەر خاکی عێراق و سووریا، هەزاران چەکداری توندڕەوی وڵاتانی بیانی خۆیان گەیاندە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز