عادل عەبدولمەهدی: بەرپرسی روداوەکان لەهەر پێگەیەکدابن دەدەینە دادگا

عادل عەبدولمەهدی: بەرپرسی روداوەکان لەهەر پێگەیەکدابن دەدەینە دادگا

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وەڵامی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکاندا رایگەیاند، لیژنەیەکیان لە هێزە ئەمنییەکان، دادگا و پەرلەمانتاران بۆ لێپرسینەوە لە هەمو ئەو کەسانەی هۆکاری روداوەکانی ئەم دوایانە بون پێکهێناوە و لە هەر پلەوپۆستێکدا بن دەدرێنە دادگا.

دوێنێ نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە وتاری هەینیدا داوای لە حکومەت و پەرلەمان و لێپرسراوانی عێراق کرد ئەو کەسانەی هۆکاری روداوەکانی ئەم مانگە بون کە بونەتە هۆی کوژران و برینداربونی سەدان کەس بدەنە دادگا و سزابدرێن.

نوێنەری سیستانی داوای لە حکومەتی عێراق کرد چاکسازی بەپەلە بکات و یارمەتی پێشکەشی هەژاران بدات


نوێنەری عەلی سیستانی داواشی لە حکومەتی عێراق کرد چاکسازی بەپەلە بکات و یارمەتی پێشکەشی هەژاران، رەخساندنی هەلی کار، دورخستنەوەی گەندەڵکاران، دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هەژاران بکاتە بەرنامەی سەرەکی کارەکانیەوە.

بڕیاردراوە لیژنەیەکی باڵا پێکبهێندرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی ئەم دواییەی شارەکانی باشوری عێراق


لە وەڵامی ئەو داواکاریەشدا عادل عەبدولمەهەدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی، لەسەر داواکاری مەرجەعیەتی باڵا و بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە، بڕیاریداوە بە پێکهێنای لیژنەیەکی باڵا کە پێکدێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، هێزە ئەمنییەکان، نوێنەرانی دادگا، نوێنەری پەرلەمان و مافی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ورد و دیاریکردنی ئەو کەسانەی هۆکاری رووداوەکان بوون.

بە دڵنیایەوە هەمو ئەو کەسانەی بەرپرسی روداوەکان بون دەدرێنە دادگا و سزا دەدرێن ئەگەر لە هەر پلەو پۆستێکدا بن و لایەنگریان بۆ هەر لایەک هەبێت


ئاماژەی بەوەشکردوە، بە دڵنیایەوە هەمو ئەو کەسانەی بەرپرسی روداوەکان بون دەدرێنە دادگا و سزا دەدرێن ئەگەر لە هەر پلەو پۆستێکدا بن و لایەنگریان بۆ هەر لایەک هەبێت.

تا ئێساتدا حکومەتی عێراق لە وەڵامی داواکارییەکانی خۆپیشاندەراندا نزیکەی 30 بڕیاری دەرکردوە، کە دیارترینیان بریتییە لە دابینکردنی 100 هەزار یەکی نیشتەجێبون بۆ کەسانی کەم دەرامەت و رەخساندنی هەلی کار بۆ 150 هەزار کەس و گەڕانەوەی 101 هەزار فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری کە گرێبەستەکانیان کۆتای هاتبو، لەگەڵ دابینکردنی ترلیۆنێک دینار بۆ پێدانی قەرز بەو گەنجانەی بیرۆکەی پڕۆژەی بچوکیان هەیە.

یەکی ئەم مانگە خۆپیشاندان لە زۆرینەی شاروشارۆچکەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق دەستپێکردو ماوەی هەفتەیەک بەردەوم بو، خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 110 کەس گیانیان لە دەستدا و نزیکەی شەش هەزار کەسیش برینداربون.





خەندان
Top