عێراق لە ترسی داعش هێزێکی گەورە دەنێرێتە سنوورەکانی رۆژئاوا

 عێراق لە ترسی داعش هێزێکی گەورە دەنێرێتە سنوورەکانی رۆژئاوا


عێراق لە ترسی هاتنی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ نو خاکەکەی، هێزێکی گەورە دەنێرێتە سنوورەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەی.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان بە حکوومەتی عێراقییان راگەیاندووە، بەهۆی سەرقاڵبوونی هێزەکانیان بە پێشگرتن بە هێرشی سوپای تورکیا، چەکدارانی داعش لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان، هەڵدێن.

بۆ رێگرتن لە پەڕینەوەی ئەو چەکدارانە بۆ ناو خاکی عێراق، سوپا و هێزێکی ئەمنیی گەورەی عێراقی لە سنوورەکانی نێوان عێراق - رۆژئاوای کوردستان و عێراق - سووریا، بڵاو کراونەتەوە.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، کە ئێستا بەرپەرچی هێرشی سوپای تورکیا دەدەنەوە، پێشتر نزیکەی 12 هەزار چەکداری داعشیان دەستگیر کردبوو.

ئەمڕۆ شەممە 12-10-2019ش، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گرتووخانەیەکی هەسەدە لە شاری حەسەکە تەقییەوە، کە چەکدارانی داعش لەو گرتووخانەیە زیندانی کراون.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.










باسنيوز
Top