نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی عێراقی و دۆستی كورد عه‌دنان حسێن كۆچی دوایی كرد

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی عێراقی و دۆستی كورد عه‌دنان حسێن كۆچی دوایی كرد
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی عێراقی و هاوكات دۆستی گه‌لی كورد، عه‌دنان حسێن له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی له‌نده‌ن كۆچی دواییكرد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ خانه‌واده‌ی حسێن هه‌واڵی كۆچی دوایی رۆژنامه‌ونووسی ناوبراوی پشتڕاست كرده‌وه‌.

عه‌دنان حسێن خه‌ڵكی پارێزگای بابله‌ و له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌شی راگه‌یاندنی له‌ كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ته‌واو كردووه‌ و ته‌مه‌نێكی زۆری له‌گه‌ڵ نووسین و كاری رۆژنامه‌وانی به‌سه‌ربردووه‌.

دوای به‌شداریكردنی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی "طریق الشعب"ـی سه‌ر به‌ حزبی شیوعی، له‌ ساڵی 1973، عه‌دنان حسێن وه‌ك هه‌واڵساز و نووسه‌ری ستوونێكی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی شاعیری عێراقی، عه‌دنان زائع كاری كردووه.

تا داخستنی رۆژنامه‌كه‌ له‌ ساڵی 1979 له‌ كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بووه‌‌ و له‌ هه‌مان ساڵ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا داواكراو بووه‌، رووی له‌ وڵاتی لوبنان كردووه‌ و دواتریش چووه‌ته‌ قوبرس و وه‌ك سه‌رۆكی به‌شی كاروباری عه‌ره‌بی له‌ هه‌فته‌نامه‌ی "الموقف العربی" كاری كردووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن شاعیر سه‌عدی یوسفه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرا.

دوای ئه‌وه‌ش تا ساڵی 2010 عه‌دنان حسێن له‌ چه‌ندین رۆژنامه‌ و گۆڤاری عه‌ره‌بی كاری كردووه‌، دواتریش وه‌ك جێگری سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی "مه‌دا"ی به‌غدادییه‌ تا كۆچیدواییكردنی كاری كردووه‌.

عه‌دنان حسێن زور دوستى كورد بوو و به‌رده‌وام له نووسينه‌كانى داكوكى له مافه‌كانى خه‌لكى كوردستان ده‌كرد. له كاتى سه‌پاندنى سزاكان له‌لايه ن عه‌بادییه‌وه‌ له دواى ريفراندومی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌سه‌ر سزادانى خه‌ڵكی كوردستان، به نووسينه‌كانى زور ره‌خنه‌ى له حكوومه‌تى عيراق و عه‌بادى گرت.

له سالانى نه‌وده‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وام هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و راپۆرت و نووسینی بابه‌تیانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.
Top