پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران پەسەندکرد

پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران پەسەندکرد
ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و ئامادەبوونی 212 پەرلەمانتار کۆبوووە و دەنگی لەسەر راسپاردە و بڕیارەکانی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە داواکاری خۆپیشاندەران دا.

د. میران محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند: لە دانیشتنەکەدا 20 بڕگە و بڕیار دەنگیان لەسەر درا و پەسندکراون کە داواکاری خۆپیشاندەران بوون، دیارترین ئەو بڕیارانەش بریتی بوون لە:

- هەڵوەشانەوەی پشکێنەرە گشتییەکان، کە چاودێری کاروباری وەزارەتەکانیان دەکرد، لەسەرجەم وەزارەت و دام و دەزگاکان.

- سڕکردنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەڵام ئەوە هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت و پێویستی هەموارکردن و دەرکردنی یاسا هەیە.

- کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بە شەهید هەژماردەکرێن و قەرەبوو دەکرێنەوە.

- دروستکردنی سندووقێک بۆ قوتابیان و خستنەسەرکاری بێکاران لە بودجەی 2020 و بڕینی بەشێک لە مووچەی پلە باڵاکان.

- بڕینەوەی مووچە بۆ هەژاران.

- گەڕانەوەی ئەوانەی لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکان گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دژە تیرۆر.

- گەڕانەوەی فەرمانبەرانی دەستەی پیشەسازی سەربازی بۆ سەرکارەکانیان ئەوانەی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری نایانگرێتەوە.

- راگرتنی پرۆسەی لابردنی زێدەڕۆییەکان.

- دروستکردنی 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هەژاران و ئەوانەی داهاتیان مامناوەندە.

- لێخۆشبوونی جووتیاران لە کرێی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.

- دانانی بەرنامەیەک بۆ دامەزراندن و جێگرکردنی ئەوانەی گرێبەستن لە فەرمانگەکان.

- دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان.

- پێدانی بڕەپارەیەک بە ئەوانەی کەسوکاریان ون و بێسەرشوێن بوونە لەکاتی داعش دا و یاسای شەهیدان بیانگرێتەوە.

- تەرخانکردنی پارەیەک لە بودجەی 2020 بۆ ئارامی و سەقامگیری ناوچە رزگارکراوەکان.

- پێدانی قەرز بە پرۆژە پیشەسازییەکان بۆ خستنەگەڕی کارگە لەکارکەوتووەکان.

- پێداچوونەوە بە مووچەی خانەشینی و لەوبارەوە حکومەت پرۆژە یاسایەک رەوانەی پەرلەمان بکات.

د. میران محەممەد، ئاماژەی بەوەشکرد جگە لە فراکسیۆنی سائیروون نەبێت، زۆربەی فراکسیۆن و کوتلە سیاسییەکانی دیکە ئامادەی دانیشتنەکە بوون بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانیشەوە دەنگیان بۆ ئەو بڕیارانە دا.
Top