خۆپیشاندانەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە

خۆپیشاندانەکانی عێراق کاریگەرییان لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە
ئامارەکانی لقی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە هەولێر دەریدەخەن، بەهۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، نزیکەی 75%ـی گەشتیارانی نێوخۆیی لە هەولێرەوە تکتی گەشتەکانیان بۆ بەغدا، بەسرە و نەجەف دواخستووە، یان بە تەواوی هەڵیانوەشاندووەتەوە .

کۆتایی هەفتەی رابردوو کاتێک خۆپیشاندەران لە فڕۆکەخانەی بەغدا نزیکبوونەوە، نرخی تکتی فڕۆکە لە بەغدادەوە بۆ هەولێر لە 93 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 400 دۆلار بەرزبووەوە، تەنانەت بەهۆی نەمانی تکت و مەترسی ئەمنییەوە ژمارەیەک گەشتیار بە تکتی ترانزێت لە بەغداوە چوونەتە فڕۆکەخانەی دەوحە لە قەتەر و لەوێوە هاتوونەتە هەولێر.

بەهۆی پچرانی هێڵی ئینتەرنێت و ئاڵۆزی دۆخەکە، هێڵی ئاسمانی کۆمپانیا ئەهلییەکان سێ لەسەر چواری تکتەکانیان نەفرۆشتووە.

گۆڕەپانی بازرگانی نێوان دهۆک - موسڵ، پێشتر رۆژانە نزیکەی 100 ئوتومبێلی بارهەڵگر خۆراک و کەلوپەلیان بۆ بەغدا و باشووری عێراق دەگوازتەوە، بەڵام ئێستا شۆفێران لەبن سێبەری ئوتومبێلەکانیان دانیشتوون و بەدیار نێرگەلەکێشانەوە چاوەڕێی هێوربوونەوەی دۆخەکە دەکەن.

ئەحمەد بەدرییە شوفێرە و دەڵێت: "رووداوەکان و دۆخی بەغدا کاریگەرییەکی گەورەی دروستکردووە، پێشتر نزیکەی 80 بۆ 90 تەنانەت 100 ئۆتۆمبێلیش دەڕۆیشت، ئێستا 15 زۆرترینی 20 ئۆتۆمبێلە، ئەوەی وەستاوە، ئەوەی لە پردەکەیە، ئەوەی پەکی کەوتووە ئەوەی ناپەڕێتەوە، ئەوەی ئێستا هەیە بۆ سامەرا، بەلەد، تکریت و موسڵە، ناتوانین بچینە بەغدا".

بەهۆی سستبوونی پرۆسەی هەناردەکردن بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، نرخی کاڵا و خۆراکە سەرەکییەکانی خەڵك بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک کە تەنیا کیلۆی تەماتە زیاتر لە سێ بەرامبەر گرانبوو، لە هەندێک ناوچەی بەغدا بە پێنج هەزار دینار فرۆشراوە.
Top