ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری پەسەندکرد
محەممەد روبێعی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا راگەیاند: فەلاح جەزائیری پارێزگاری بەغدا (سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی) دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کردووە و ئەمڕۆش لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداوە دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرا.
لەبارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوە و پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی بەغدا، محەممەد روبێعی، کە هاوکات ئەندامی رەوتی حیکمەی نیشتمانییە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەکرد، فەلاح جەزائیری، رەوشی تەندروستی لەبارنییە بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا کردووە و ناتوانێت لە پۆستەکەی بەردەوامبێت.
محەممەد روبێعی گوتیشی، ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەرگای خۆ بەربژێرکردن دەکاتەوە بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە ببێتە پارێزگاری بەغداو کارەکان تەواوبکات.
دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری بەغدا دوای ئەوە دێت، لە سێشەممەی رابردووەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری دژی گەندەڵی و بێکاری و خراپی خزمەتگوزاری لە بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق سەریهەڵدا و بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق تاوەکو رۆژی شەممە 5-10-2019 ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان گەیشتە زیاتر لە 100 کوژراو و نزیکەی چوار هەزار بریندار.