وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری کوژراو و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی راگەیاند
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، هەریەک لە گوتەبێژی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی تەندروستی لەبارەی خۆپیشاندانەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لیوا سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانیەدا رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکاندا 104 کەس کوژراون کە هەشتیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوون و شەش هەزار و 107 کەسی دیکە برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "دەستی نەگریس و پیس لە پشت بە ئامانجگرتنی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بووە، 51 باڵەخانە و هەشت بارەگای پارتە سیاسییەکانیش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندراون".
لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنییەکان، لیوا سەعد مەعن جەختی لەوەکردەوە، رێوشوێنە ئەمنییەکان کاتی بوون، لە هەموو وڵاتێک کاتێک قەیرانێک دروستدەبێت، کۆمەڵێک رێوشوێن دەگیرێنەبەر بۆ پاراستنی خەڵک و دامەزراوە و موڵک و ماڵ.
لە سێشەممەی رابردووەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری دژی گەندەڵی و بێکاری و خراپی خزمەتگوزاری لە بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق سەریهەڵداوە، هەرچەندە ژمارەی خۆپیشاندەران کەمبوونەتەوە، بەڵام کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان نەهاتووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نوێترین هەنگاویدا لە کۆبوونەوەی خۆی بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، قۆناخی یەکەمی بڕیارەکانی راگەیاند، کە بریتین لە واڵاکردنی دەرگای ناو تۆمارکردن بۆ وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون کە تایبەتن بە کەسانی کەمدەرامەت لە هەموو پارێزگاکاندا و تەواوکردنی دابەشکردنی 17 هەزار زەوی نیشتەجێبوون بەسەر کەسانی شایستە لە پارێزگای بەسرە لە ماوەی چوار هەفتەدا.
پرۆژەیەکی دیکە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڵێنی دا جێبەجێی بکات ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی نیشتمانییە بۆ نیشتەجێبوون کە دروستکردنی 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەموو پارێزگاکاندا لەخۆدەگرێ و بەڕێگەی سندووقی نیشتەجێکردن و لە بودجەی 2020 دا قەرزی بێ سوو دەدرێتە هاووڵاتیان بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری دا بۆ سێ مانگ بڕی 175 هەزار دینار وەک مووچەی مانگانە بداتە 150 هەزار بێکار کە توانای کارکردنیان نییە، لە سەرتاسەری عێراق و بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە 78 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخان دەکات. لە پاڵ دروستکردنی یەکەی فرۆشتن لە ناوچە بازرگانییەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بە گوژمەی 60 ملیار دینار و لە سێ مانگدا جێبەجێ دەکرێ، بەو مەرجەی خاوەن یەکەکە هەلی کار بۆ دوو بێکار دابینبکات.
لە پاڵ ئەو پرۆژە و هەنگاوانە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا پارێزگارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی لیستی ناوی خێزانە بێبەشبووەکان ئامادە بکەن بۆئەوەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان بدرێتێ و تێکڕای خێزانەکان دەگاتە 600 هەزار خێزان، هاوکات قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بە شەهید هەژمار دەکرێن و خێزانەکانیان مووچە و دەرماڵەی شەهید وەردەگرن.