پارێزگاری بەغدا لە پۆستەکەی لادرا

پارێزگاری بەغدا لە پۆستەکەی لادرا
پارێزگاری بەغدا لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاکەوە لە پۆستەکەی لادرا.

کەناڵی (ئەلعەرەبیە) بە پشتبەستن بە کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمیی عێراقی بڵاوی کردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی ١٠ی ٢٠١٩، ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، فەلاح جەزائیری، پارێزگاری بەغدای لە کارەکەی لاداوە.

لە هەمان کاتدا هەندێک ماڵپەڕی عێراقی هەواڵەکەیان وابڵاوکردووەتەوە کە پارێزگاری بەغدا خۆی دەستی لەکار کێشاوەتەوە و لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا داواکارییەکەی قەبوڵ کراوە.

هەرچەندە وردەکاریی زیاتر لەمبارەیەوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەست لەکار کێشانەوەی پارێزگاری بەغدا لە کاتێکدایە کە شاری بەغدای ناوەندی پارێزگاکە و زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبن.

چەند ڕۆژێکە سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراقی دەستیان بە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە پێناو مافەکانیان کردووە، بەم هۆیەشەوە توندوتیژییەکی زۆر ڕووی داوە، تائێستا ١٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی ٤ هەزار کەسیش بریندار بوون.











باسنيوز
Top