هێزە عێراقییەکان شەشەم ئۆپەراسیۆنی نەسر دژی داعش ئەنجام دەدەن

 هێزە عێراقییەکان شەشەم ئۆپەراسیۆنی نەسر دژی داعش ئەنجام دەدەن
سوپا و میلیشیا عێراقییەکان شەشەم ئۆپەراسیۆنی (نەسر) دژی بنکە و مۆڵگەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەنجام دەدەن.

ئۆپەراسیۆنی (نەسر 6) سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 6-10-2019 لە ناوچەکانی سەڵاحەدین، جەزیرە، ئەنبار و کەرکووک بە بەشداریی سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەستی پێ کردووە.

فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی نەسر 6 بە چاودێریی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجام دەدرێت.

هەرچەندە حکوومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2017 کۆتاییهاتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی راگەیاند، بەڵام چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بەردەوام لەپارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار و بەغدا کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.



باسنيوز
Top