فەرەنسا داوای بنبڕکردنی هۆکارەکانی ئاڵۆزییەکانی عێراق دەکات
فەرەنسا داوای بنبڕکردنی ئەو هۆکارانە دەکات، کە بوونەتە مایەی ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بە گرنگییەوە چاودێریی خۆپیشاندانەکان و بارودۆخی گشتیی عێراق دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پاڵپشتیی خۆی بۆ مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە نیشان داوە و رایگەیاندووە، دەبێ هێزە ئەمنییە عێراقییەکان وەڵامی گونجاوی خۆپیشاندەران بدەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی وڵاتەکەی نیشان داوە و بەپێویستی زانیوە ئەو هۆکارانە بنبڕ بکرێن، کە بوونەتە مایەی ئاڵۆزی، ناکۆکیی سیاسیی و نەتەوەیی و خۆپیشاندان.
لە رۆژی 1-10-2019، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستی پێ کرد، کە داوای چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بێکارییان دەکرد.
باسنيوز