ته‌نیا له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی عێراق 14 كه‌س كوژران

ته‌نیا له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی عێراق 14 كه‌س كوژران
به‌گوێره‌ی ئامارێكی ئاژانسی ئه‌سۆشێیتید پرێس، ته‌نیا ئه‌مڕۆ تا كاتژمێر 3:30 خوله‌كی ئێواره‌، 14 كه‌س له‌ خۆپیشاندانه‌كانی عێراقدا كوژراون.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا، سه‌رچاوه‌ پزیشكییه‌كانی عێراق ته‌نیا كوژرانی 5 كه‌سی راگه‌یاندووه‌، كه‌ دووانیان له‌ گه‌ڕه‌كی شوعله‌ی رۆژئاوای به‌غدا و دووی دیكه‌ش له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر بوون، له‌كاتێكدا یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ناوچه‌ی زه‌عفه‌رانیه‌ی باشووری ئه‌و شاره‌ كوژراوه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه‌، له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كان له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌وه‌ تا ئێستا، زیاتر له‌ 100 كه‌س كوژراون و به‌ سه‌دانی دیكه‌ش بریندار بوونه‌.

هاوكات خۆپیشانده‌ران هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ ته‌قه‌كردن لێیان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌گوته‌ی خۆیان، ژماره‌یه‌ك نیشانشكێنی نه‌ناسراو به‌ مه‌به‌ستی ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخه‌كه‌، ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ده‌كه‌ن.
Top