قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە دیوانییە و زیقار رادەگەیەندرا
دوو پارێزگای باشووری عێراق لە ترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان، قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند.
هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای دیوانییە رایانگەیاندووە، لە کاتژمێر 1ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5-10-2019 تا کاتێکی نادیار، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتییان لە پارێزگاکە، قەدەغە دەکرێت.
جگە لە دیوانییە، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای زیقاریش قەدەغەی هاتوچۆیان لە سنووری پارێزگاکە، لە کاتژمێر 1ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5-10-2019 تا کاتێکی نادیار، راگەیاندووە.
قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە دیوانییە و زیقار لەکاتێک دایە، کە عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی لە بەغدا هەڵوەشاندەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2-10-2019ش، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی وڵاتەکەی، قەدەغەی هاتوچۆی لە بەغدا لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی پێنجشەممە 3-10-2019، تا کاتێکی نادیار، راگەیاند.
لە رۆژی 1-10-2019، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستی پێ کرد، کە داوای چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بێکارییان دەکرد.
باسنیوز